بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - میدیاکانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند: لە یەکێک لەو دوو ھێرشە تیرۆریستییەی بەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر قوتابخانەی «عەبدوڕەحیم شەھید» لە ناوچەی زۆرینە شێعەنشینی «دەشتی برجی»ی کابۆل ٢٧ قوتابی کوژران و کۆمەڵێکی دیکەش بریندار بوون.
«زەکەریا ئۆلفەت» لە مامۆستاکانی قوتابخانەی «عەبدۆڕەحیم شەھید» وتی: یەکەم ھێرش کاتێک ڕووی دا کە شاگردەکان خەریکی چۆڵ کردنی پۆلەکە بوون، ئەم مامۆستایە وتیشی: لە بەر قوڵ بوونی برینی زۆرێک لە برینداران بۆی ھەیە ژمارەی قوربانیان بەرزتریش بێتەوە.
«ئۆلفەت» وتیشی: مامۆستایانی ئەم قوتابخانە کوڕانەیە خەریکی بڵاوە پێکردنی قوتابیان و دەربازکردنیان لە ڕاڕەوەکانی قوتابخانەکە بوون کە دووھەمین تەقینەوە ڕووی دا.
بەیانیی ئەمڕۆ سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانی ئەفغانستان ھەروەھا باسی تەقینەوەیەکی دیکەیان کرد لە ناوەندی فێرکاریی «مومتاز» لە ڕۆژئاوای کابۆل.
شایەتحاڵان وتوویانە: وێدەچێ بۆمب دانەرێک لە شوێنێکی بەربڵاودا کە دەتوانێ ھەزار قوتابی لە خۆی دا جێ بکاتەوە ، خۆی تەقاندووەتەوە.
ھەتا ئێستا ھیچکەس و یان گروپێک بەرپرسایەتیی ئەو تەقینەوانەی کابۆلی بە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئەم ناوچەیە بەو شارومەندانەی ھەزارەی خۆیەوە، پێشتریش ھەر کەوتووەتە بەر شاڵاوی داعش.
342/